ماسۆشیزم

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-24-19:22:00 - کۆدی بابەت: 7372
ماسۆشیزم

ناوه‌ڕۆك

ماسۆشیزم چییە؟ 

ماسۆشزم (بە ئینگلیزی: Masochism) بریتییە لەوەی کەسێک چێژ وەربگرێت لە ئازاردرانی یان شکاندنەوەی خۆی لەلایەن کەسانی ترەوە یانیش زۆر جار چێژ لەوە دەبینێت خۆی ئازاری خۆی بدات، واتە تەواو بە پێچەوانەی سادیزم.
وشەی ماسۆشیزم بۆ یەکەمجار لەلایەن پزیشکێکی دەروونیی ئەڵمانی بە ناوی ریچارد ڤۆنکرافت ئیبینگ (بە ئینگلیزی: Richard von Krafft-Ebing) بەکارهێنراوە. بە ناوی نووسەر لیۆپۆلد ڤۆن ساشێر ماسۆش (بە ئینگلیزی: Leopold von Sacher-Masoch)، کە لە چیرۆک و کتێبەکانیدا باسی ئەو پیاوانەی دەکرد کە لەگەڵ ئەو ژنانە لە خۆشەویستیدان کە بەدڕندەیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن.

کەسایەتیی ماسۆشی

کەسایەتیی ماسۆشی یان خۆشکێنەر (بە ئینگلیزی: Masochist or Self-defeating) کەسێکە چێژ دەبینێت لەوەی ئازار بدرێت یان خۆی ئازار بدات جا لە ڕووی دەروونی، جەستەیی، ڕۆحی یان لایەنی سۆزدارییەوە بێت. ئەم جۆرە کەسایەتییە پێچەوانەی کەسایەتیی سادییە کە چێژ لە ئازاردانەکە دەبینێت.

چەند جۆرێکی جیاواز لە کەسایەتیی ماسۆشی هەن بەپێی جۆرەکانی ماسۆشیزم، هەروەها هەندێک کەسی ماسۆشی لەڕاستیدا نایانەوێت زۆر بەخراپی ئازاربدرێن، تەنیا دەیانەوێت خەیاڵەکانیان بنوێنن، بۆ نموونە حەزدەکەن ببەسترێنەوە و بڕفێندرێن، یاخوود ببنە بەندەی کەسانی تر. 
هەندێک کەس چێژ وەردەگرن لەوەی لەکاتی سێکسکرن ئازار بدرێن ئەمەش بە نەخۆشیی ماسۆشیزمی سێکسی دادەنرێت و زیاتر لە ئافرەتدا هەیە. بۆ نموونە هەندێک جار جۆرێک لە یاری دەکەن کە بە (فەرمانپێکەر و ژێردەستەیی، بەندایەتی و سەرمەشقی یان سادیزم و ماسۆشیزم) (بە ئینگلیزی: BDSM) ناسراوە، کە دوو کەسەکە خۆیان هەڵیدەبژێرن کە ژێردەست یان فەرمانپێکەر بن، پێش ئەوەی هیچ بڵێن و هیچ شتێک بکەن، ئەمەش بەهۆی بوونی کەسایەتیی سادی یان ماسۆشی لە ناخیاندا. دواتر دەست بە یارییەکە دەکەن و یەکێکیان ئازاری ئەوی تر دەدات و ئەوی تریشیان خۆی بەدەستەوە دەدات، هەردووکیشیان چێژی سێکسی لە یارییەکە دەبینن. 

یاخوود کەسەکە چێژ وەردەگرێت لەوەی ئازاری جەستەی بدرێت لەلایەن کەسێکەوە، یانیش خۆی ئازاری جەستەی خۆی بدات، بۆ نموونە نینۆک خواردن یان مانیای هەڵکێشانی قژ و مووی جەستەیان (بە ئینگلیزی: Trichotillomania). ئەم کەسانە زۆر جار حەزدەکەن تەنیابن و دووربن لە خەڵک تا ئەو ئارەزووانەیان ئەنجام بدەن کە دەیانەوێت، بۆ نموونە هەندێک یاری مەترسیدار ئەنجام دەدەن کە تێیدا ئازاری جەستەی خۆیان دەدەن و تەنانەت هەندێک جار دەگاتە حاڵەتی مردن بەهۆی هەڵواسینی خۆیان و کەلەپچەکردنی خۆیان بۆ چێژوەرگرتن.

جۆرێکی تریان کەیاسەتیی ماسۆشیی سۆزدارییە کە هەست بە ئارامی دەکەن کاتێک خەمبارن و هەست بە شکست دەکەن لە ژیان. بۆ نموونە پێیان باشە لە پەیوەندییەکدا بن کەسی بەرامبەر ناپاکییان لێ بکات یان سووکایەتییان پێ بکات. ئەم بیرکردنەوەش لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بێت کە پێشتر خراپ بەکارهێنراون و ناپاکیان لێ کراوە یانیش خۆیان بە شایەنی دڵخۆشی و سەرکەوتن نازانن. 

چارسەری ماسۆشیزم 

چارەسەری ماسۆشیزم زەحمەتە بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا چارسەرە دەروونییەکان دەکرێت یارمەتیدەربن. ماسۆشیزم وەک شێوازێکی کەسایەتی دادەنرێت و دەکرێت ئاسایی بێت کە کەسەکە خۆی حەز دەکات چێژ لەو ئازاردانە ببینێت، بەتایبەتیش لەکاتی سێکسدا.


سەرچاوەکان



1577 بینین